سعد الغامدی سورة التحريم 66 - تەفسیری كوردی سورەتی التحريم بەدەنگی هەندرێن  Tafseri Surati Al-Tahrim

سعد الغامدی سورة التحريم 66 - تەفسیری كوردی سورەتی التحريم بەدەنگی هەندرێن Tafseri Surati Al-Tahrim

سوورەتى (تەحریم). سورەتێکی مەدەنییەو (12) ئایەتە. ئەم سوورەتە پاش سوورەتى (حوجورات) هاتۆتە خوارەوە، لە چەند قەزیەیەکى گرنگ باس دەکات کە پەیوەندییان بە نێو ماڵى پەیامبەرو صلى الله عليه وسلم هاوسەرەکانیەوە هەیە، باس دەکات کە پەیامبەر-صلى الله عليه وسلم- لەبەر ڕازیکردنى دڵى هەندێ لە هاوسەرەکانى، خاتوو (ماریە)ى قیبتیى لە خۆى حەرامکرد! پاشان خوا سەبارەت بەو کارە کە پێغەمبەر صلى الله عليه وسلم ئەنجامیدا، گلەیى لێدەکاو دەفەرموێ: نەدەبوو ئاوا خۆت نارەحەت و تەنگەتاو بکەیت، ئینجا باسى خەتەریى بڵاوکردنەوەى کارە نهێنیەکانى نێوان ژن و مێرد دەکات! چونکە دەبێتە هۆى تێکچوونى ژیانى ژن و مێرد.. بەوەش نموونە دێنێتەوە کە پەیامبەر-صلى الله عليه وسلم- نهێنییەکى خۆى لاى خاتوونە (حەفصە) درکاند، کەچى ئەویش داى بەگوێى (خاتوو عائیشە)دا، لە کاتێکدا کە پێغەمبەر-صلى الله عليه وسلم- بە (حەفصە)ى فەرموو بوو: لاى هیچ کەسێ نەیدرکێنى، ئیتر دوایى قسەکە ماڵەو ماڵ گەڕاو بوو بە دەنگ و باسى ماڵان، بۆیە پەیامبەر-صلى الله عليه وسلم- تووڕە بوو و خەشم و ڕکى لێهەڵساو نیازى تەڵاقدانى کرد!. هەر ئەم سوورەتە هێرشێکى سەخت دەکاتە سەر ئەوانە کە لەسەر شتێکى بچووک دڵى پەیامبەریان-صلى الله عليه وسلم- رەنجان و ناڕەحەتیانکرد. سەرنج: ئەو ڕیوایەتەى خاتوو ماریە زۆرێک لە پێشەوایانى فەرموودە ڕیوایەتیان کردووەو خیلافێک هەیە لەسەر ڕاستى و درووستى فەرموودەکە، بەڵام ئەوە لاى ڕاڤەکارانى قورئان یەکلابێ و هیچ خیلافێک نەبێ لەسەرى ڕیوایەتەکەى پێشەوا بوخاریى و موسلیمە کە لە عائیشەوە (خوای لێی ڕازی بێت) دەگێڕنەوە کە پێغەمبەری خوا-صلى الله عليه وسلم- هەرجارێ لای «زەینەبی کچی جەحش» دەمایەوە هەنگوینی لەلا دەخوارد.. تا کۆتایی.. پاشان خوا پێی فەرموو: ئەی پێغەمبەر بۆچی تۆ ئەو شتانە لە خۆت حەرام دەکەیت کە خوا بۆی حەڵاڵ کردویت، دەتەوێ ڕەزامەندی هاوسەرانت بەدەست بێنیت.. تا کۆتایی. (ئیبن کەسیر)یش ئەم ڕیوایەتە بە بەهێزو پەسەندتر دادەنێ کە باسى خواردنى هەنگوینەکە دەکا، چونکە ڕاى جەماوەرى زانایانی لەسەرە. پاشان کۆتاییشى بەهێنانى دوو نموونە دێ: نموونەى ژنێکى کافرو بێ باوەڕ، ئەگەرچى لە ژێر مارەیى و نیکاحى پیاوێکى صاڵح و موسڵماندابوو، بەڵام ئەو نزیکیى و پێکەوە ژیانەیان هیچ کەڵکێکى پێنەگەیاند، وە نموونەى ژنێکى ئیماندارو موسڵمان، ئەگەرچى لە ژێر رکێفى پیاوێکى خراپەکارو بێ باوەڕدا بوو، بەڵام لەبەر ئیمان ئەستووریى، کوفرو توغیانى مێردەکەى زیانى نەگەیاند پێى، وە لە دۆزەخ رزگارو سەر فراز بوو. ئەى پێغەمبەر! بۆ لەبەر دڵى ژنەکانت، حەڵاڵى خوا حەرام دەکەیت؟!: